13/06/2026
-جنێودان و سوکایەتی بە خەڵک ڕەوشتی موسڵمان نیە وە ئەوەی وا بوو شایانی ئەوە نیە بکرێتە مامۆستاو خەڵک شوێنی بکەوێت-
جنێو مەدەن بە پەرستراوەکانیان با نەبیتە هۆکار بۆ ئەوەی جنێو بدەن بە (الله) تبارک وتعالى -موسڵمان جنێو دەرو دەم پیس نیە بەرامبەری خەڵک-
لەسەردەمی فیتنەین کەسانێک پەیدا بوون بەناوی دین جنێو ئەدەن بە خەڵک و بە رموزو پەرستراوەکانی کافران ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لەبەرامبەردا ئەوانیش جنێو بدەن بەدینی پاکی ئیسلام و بە (الله) تبارک وتعالى، بێگومان ئەو جۆرە کەسانە ئەوەندەی بەنەزانی و هەڵەشەیی خزمەتی کافرو بێ بڕواکانیان کردیە سوودیان بۆ ئیسلام نیە چونکە دەبنە بەڵگە بەدەستی کافرو بێ بڕواکان بۆ تانەدان لە ئیسلام و خەڵەتاندنی موسڵمانی کەمزان!
ئیسلام هانی داوین بە وتەی جوان بانگەوازی بکەین و نەرم ونیان بین لەگەڵ خەڵک لەکاتی نەسیحەت و ئامۆژگاری وبیر خستنەوەمان بۆیان، توندڕەوی و زێدەڕەوی مەنهەجی ئیسلام نیە لە بانگەواز و هەڵس و کەوت لەگەڵ خەڵکدا بە گشتی وە لەگەڵ دوژمنانی دینیش، خوای بەرز فەرمانی پێ کردوین بە وتەی جوان و شیرین بانگیان بکەین و حەقیان بیر بخەینەوە نەک بە جنێوو تانەو تەشەر و توندوتیژی!
خوای بەرز کە موسای علیه الصلاة والسلام نارد بۆ لای گەورەترین تاوان باری ئەو سەردەمە کە مل هوڕیەکەی لە سنور نەمابوو بانگەشەی ئەوەی ئەکرد کە خوایەو خەڵک ئەبێ بیپەرستن پەنا بە خوا، ئەو تاغوتەش فیرعەون بوو، بەڵام خوای بەرز فەرمانی کرد بە پێغەمبەرەکەی : [فَقُولَا لَهُ قَوْلاً لَّيِّناً لَّعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشَى] (طه : 44) واتە : ( قسەی نەرم لەگەڵی بکەن بەڵکو بیر بکاتەوەو بترسێ لە خوا ) .
وە خوای بەرز ئەفەرموێ : [ادْعُ إِلَى سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ] (النحل : 125) واتە : ( بانگەواز بکە بۆ لای ڕێگای پەروەردگارت بە حیکمەت -بە زانست و نەرمو نیانی و کار بەجێیی بەوەی هەر شتەو لە شوێنی خۆی باس بکەی- وە بە ئامۆژگاری چاک -بە خوا بیانترسێنەو باسی پاداشت و سزای خوایان بۆ بکە- وە بە چاکترین شێوە حیوارو موناقەشەیان لە گەڵ بکە -بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکانیان- ) .
وە بەتایبەتی خوای بەرز نەهی کردووە لێمان کە نابێت جنێو بدەین بەو بت و پەرستراوانەی کافرەکان بڕوایان پێیەتی بۆ ئەوەی نەبینە هۆکار بۆ ئەوان لە بەرامبەری ئەوە جنێو بدەنەوە بە خوای بەرزو تاک وتەنها، ئەوه لە توڕە کردنی کافران و دوور کەوتنەوەی زیاتر هیچی لێ شین نابێت ئەو ئوسلوبە، ئەوە ئەگەر نەهی کراوە لەوەی جنێو بدەین بەکافرو بێ بڕواکان و بە بتەکان وپەرستراوەکانیان ئەی چۆن کەسێ بێ جنێو بدات بە موسڵمانی تاوانبارو بەناوی دین و هەندێ جار لەسەر مینبەرەکان تەشهیر بکات بە هەندێ موسڵمان کە کەوتوونەتە تاوانەوە بێگومان ئەوە زیاتر سنووری بەزاندووە!
ئینکاری تاوانەکە بکە بەجوانی نەسیحەتی خەڵکەکە بکەو بیریان بخەرەوە بەڵام بە جنێودان تەنها توڕەیان ئەکەیت و زیاتر دووریان ئەخەیتەوە ڕێک ئەو وەسفەت دێـە سەر کە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه واله وسلم فەرمویەتی : (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّ مِنْكُمْ مُنَفِّرِينَ) واتە : (ئەی خەڵکینە بەڕاستی لە ئێوە هەیە خەڵک دەڕەتێنێ-دوور ئەخاتەوە-).
موناسەبەی ئەو وفەرموودەیە بۆ ئەو کەسانە بووە کە نوێژیان درێژ کردۆتەوە زیاد لە تاقەتی خەڵکی وەک ئەبینن فەرموودەکەتان بۆ دائەنێم بەتەواوی :(عَنْ أَبِي مَسْعُودٍ الْأَنْصَارِيِّ، قَالَ: جَاءَ رَجُلٌ إِلَى رَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ: إِنِّي لَأَتَأَخَّرُ عَنْ صَلَاةِ الصُّبْحِ مِنْ أَجْلِ فُلَانٍ، مِمَّا يُطِيلُ بِنَا فَمَا رَأَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ غَضِبَ فِي مَوْعِظَةٍ قَطُّ أَشَدَّ مِمَّا غَضِبَ يَوْمَئِذٍ فَقَالَ: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّ مِنْكُمْ مُنَفِّرِينَ، فَأَيُّكُمْ أَمَّ النَّاسَ، فَلْيُوجِزْ فَإِنَّ مِنْ وَرَائِهِ الْكَبِيرَ، وَالضَّعِيفَ وَذَا الْحَاجَةِ») متفق علیه واتە : (لە ئەبی مەسعودی ئەنساری -رضي الله عنه- فەرموی : پیاوێک هات بۆ لای پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم وتی : من تاخیر ئەبم لە نوێژی بەیانی بە هۆی فلانەوە، لە بەر ئەوەی نوێژەکە درێژ ئەکاتەوە، ئەفەرموێ قەت نەمبینیوە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم لە وەعز دانێکیا ئەوەندە توڕە بووبێت وەکو ئەمجارە لەو ڕۆژەی،-پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم- فەرمووی : ئەی خەڵکینە بەڕاستی لە ئێوە هەیە خەڵک دەڕەتێنێ-دوور ئەخاتەوە-، هەر کەسێک لە ئێوە ئیمامەتی بۆ خەڵک کرد، با نوێژەکەی کورت بکاتەوە بە تەئکید لەدواوەی خەڵکی گەورە-بەتەمەن-هەن، وە خەڵکی لاواز هەن وە خەڵکی خاوەن پێویستی هەن).
باشە ئەوە ئەگەر بەکەسێ بوترێ کە تەنها نوێژی درێژ کردبێتەوەو خەڵکی ماندوو کردبێت زیاد لە سنوور ! ئەی دەبێ چی بڵێین بە کەسێک کە نەک لە بەر هۆکاری نوێژ وعیبادەت و چاکە بەڵکو بە دەم درێژی وجنێو خەڵک لە دین و حەق و ئیسلام دوور بخاتەوە!؟
بەهەر حاڵ ئەو جۆرە کەسانە نموونەی بانگەوازکاری دروست نین بۆ ئیسلام بەڵکو ئەگەر مەبەستیشیان نەبێت خزمەتکاری شەیتان و ئەعوانی ستەمکارانن و یارمەتیان ئەدەن بۆ دوور خستنەوەی خەڵک لە ئیسلام!
وەکو پێشتریش وتم خوای بەرز نەهیمانی لێ کردووە لە جنێودان بە پەرستراوەکان و بت و ڕەمزەکانی کافران ئەو ئایەتەتان بۆ دائەنێم بەجوانی تێفکرن لێی خوای بەرز ئەفەرموێ : [وَلَا تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ فَيَسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ كَذَلِكَ زَيَّنَّا لِكُلِّ أُمَّةٍ عَمَلَهُمْ ثُمَّ إِلَى رَبِّهِمْ مَرْجِعُهُمْ فَيُنَبِّئُهُمْ بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ] (الانعام : 108) واتە : (وە نەکەن جنێو بدەن بەوانەی کە کافرەکان ئەیانپەرستن و داوایان لێدەکەن لە غەیری خوای بەرز ئەو کات ئەوانیش جنێو ئەدەنەوە بە الله بە ستەم و بە جەهل ئاوها بۆ هەر ئوممەتێک کردەوەکانیانمان ڕازاندۆتەوە -هەر یەک خۆی بەڕاست ئەزانێ و دەمارگیری ئەیگرێ بۆ بتەکانیان بەرگری ئەکەن بە ناحەق و جنێو ئەدەنەوە بە الله- پاشان گەڕانەوەیان بۆ لای پەروەردگاریانە -لە قیامەت- ئەوەی کردویانە لەدونیا هەواڵیان پێدەداتەوەو -حیسابیان لەسەر ئەکاتن باشەکان پاداشت وەرئەگرن و خراپەکان سزا-).
ئەو ئایەتە زۆر ڕوونە لەوەی نەهیمان لێ کراوە لە جنێودان بە کافرو ئەو بتە دەستکردانەی کە ئەیانپەرستن وە بەپەرستراوە بەتاڵەکانیان بەگشتی چونکە ئەوە دەبێتە هۆکاری جنێودانی ئەوان بە ستەم بە (الله) تبارک وتعالى وە بە ئیسلام و شەریعەت، کەواتە ئەوەی ببێتە هۆکار بۆ تاوان تاوانبارە وە تاوانی ئەوەش هەڵئەگرێ کە هانی داوە بۆ تاوان بە کردەوەو وتەی نەشیاوی خۆی، تەئکیدی ئەو مانایەش هەیە لە فەرموودە بۆ نموونە پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (من الكبائر شتم الرجل والديه قالوا يا رسول الله وهل يشتم الرجل والديه قال نعم يسب أبا الرجل فيسب أباه ويسب أمه فيسب) رواه مسلم واتە : ( لە تاوانە گەورەکانە کەسێک جنێو بدا بە دایک و باوکی خۆی ووتیان ئەی پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم جا پیاو جنێو بە دایک و باوکی خۆی ئەدات ؟! پێغەمبەر صلى الله علیه وعلى اله وسلم فەرمووی : بەڵێ جنێو بە باوکی پیاوێ ئەدا ئەویش جنێو بە باوکی ئەداتەوە ، وە جنێو بە دایکی پیاوێک ئەدا ئەویش جنێو بە دایکی ئەداتەوە).
لەبەر ئەوە دڵنیابە کە تۆ دەم درێژی بکەیتە سەرخەڵک و توڕەیان بکەیت و ئەوانیش جنێو بدەنەوە بە ئیسلام بەهۆکاری ئەوەی تۆ بەناوی دین قسان ئەکەیت ئەوە بزانە تاوانی ئەوانیش هەڵدەگری و تەنها خۆت بارگران ئەکەیت بەتاوان!
لەبەر ئەوە ئەو کەسەی بانگەواز ئەکا بۆ لای خوا لە سەریەتی خۆی بڕازێنێتەوە بە ڕەوشتی جوان، وە نەرم و نیان بێ لە قسەو ڕەفتاریا، چونکە ئەوە هۆیەکە بۆ وەرگرتنی بانگەوازەکەی وە گوێ ڕاگرتنی خەڵک لێی ، وە ئەوەش ڕەوشتی پێغەمبەران بووە علیهم الصلاة والسلام خوای بەرز بە خاتەمی پێغەمبەران صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : [فَبِمَا رَحْمَةٍ مِّنَ اللّهِ لِنتَ لَهُمْ وَلَوْ كُنتَ فَظّاً غَلِيظَ الْقَلْبِ لاَنفَضُّواْ مِنْ حَوْلِكَ] ألاية (ال عمران : 159) واتە : (بە ڕەحمەت لە لایەن خواوە تۆ بۆیان نەرم و نیان بویتە ئەگەر تۆ تووڕەو توندو دڵ ڕەق بویتایە ئەوە دەورتیان چۆل ئەکرد لەگەڵت نەئەمان) .
وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : (فإن الرفق لم يكن في شيء قط إلا زانه ، ولا نزع من شيء قط إلا شانه) -سلسلة الاحاديث الصحيحة : 524- واتە : (وە نەرم و نیانی لە شتێک ِنابێ قەت ئیللا جوانی ئەکات، وە لە هەرشتێکا نەمێنێ ئیللا ناشیرنی ئەکات).
وە پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وعلى اله وسلم ئەفەرموێ : ( ليس المؤمن بالطعان ولا اللعان ولا بالفاحش ولا بالبذي ) سلسلة الاحاديث الصحيحة 320 واتە : ( بڕوادار ئاوها نیە کە زۆر عەیب لە خەڵک بگرێ و قسەیان پێ بڵێ وە ئاوا نیە کە زۆر لەعنەت لە سەر زاری بێ وە ئاوا نیە کە جنێودەر بێ وە ئاواش نیە کە بێ شەرم بێو قسەی ناشیرین بکات ) .
بەهیوای ئەوەی توانیبێتم سوودم پێگەیاندبن و نەکەونە دوای حەماس و هاوهوی توندڕەوو زێدەڕەوەکان و خۆتان بگرن لە بەکار هێنانی وشەی نەشیاوو بە ڕەوشتی جوان و وتەی شیرین نموونەی جوانی ئیسلام نیشان بدەن و شیرینی بکەن لای خەڵک نەک ببنە هۆکاری دوور کەوتنەوەی خەڵک لە دینی ڕاست.
براتان : باوکى حارث